Smiley face
Smiley face
Smiley face

شەڕی نێوان کۆڵبەران و ڕژێمی ئێران سەخت دەبێت فەرماندەیەکی سوپا دەکوژرێت

2016-07-02 15:26:58



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

هێزە سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوێنێوە سێ جار کارەبا و تەلەفۆنی گوندی گوێزیلێی سەر بە شاری سەردەشتیان بڕیوە، چەند کەسیان دەست بە سەرکردوە و خەڵکی ئەم گوندەیان ئەشکەنجە کردوە، زۆربەی خەڵکی گوندەکە شوێنی ژیانی خۆیان جێ هێشتووە و ڕوویان کردۆتە گوندەکانی دراوسێ.

 

بە گوێرەی زانیاریەکانی ڕۆژنیوز، پەیوەندی خەڵکی ناو گوندەکە لەگەڵ دەرەوە بەتەواوی بڕاوە، چەند کەس دەست بەسەرکراون، کەسێک بێسەروشوێن کراوە و شوانی گوندەکەش لە ئیتلاعاتی شاری سەردەشت دەسگیر کراوە.

 

دەوترێت سوپای پاسداران دەستی بە سەرباری کۆڵبەرەکان دا گرتوە، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت کە زۆربەیان بە کاری کۆڵبەریەوە خەریکن.

 

ئەم ناڕەزاییانە لە لایەکەوە و فشاری هێزە سەربازیەکان لەلایەکی ترەوە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردو ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٦ دو کۆڵبەری سەردەشتی بە ناوەکانی لەتیف و ڕەئوف عەلیخانی بە گولەی هێزە سەربازیەکانی سەر سنووری ئێران گیانیان لەدەستدا.

 

(جەهانگیر عەبدوڵلاهی)

 

جەهانگیر عەبدوڵلاهی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە بارەی ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی سەردەشت و ڕەبەت و بێوران بۆ ڕژنیوز دوا و وتی:" ڕۆژی سێ شەممەی هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی سەرسنووری ئێران هێرش دەکەنە سەر دەستەیەک لە کۆڵبەرانی خەڵکی گوندی گوێزیلێ و بێوران لە دەوروبەری ڕووباری کەڵوێ و بەبێ هوشداری تەقە لە کۆڵبەرەکان دەکەن و لە ئەنجام دا کۆڵبەرێک بە ناوی ڕەئوف عەلیخانی ژیان لەدەستدەدات و چوار کەسی تریش برینداردەبن، هێزەکانی سوپا لە پاسگای گوندی گوێزیلێ دەست بەسەر باری کۆڵبەرەکان دا دەگرن و چەند ئەسپیان دەکوژن."

 

عەبدوڵلاهی لە درێژەی قسەکانی بۆ ڕۆژنیوزی وتی: خەڵکی گوندەکە بۆ پرسیار لە بارەی چۆنیەتی کوشتنی ڕەئوف عەلیخانی دەچن بۆ پاسگاکە، بەڵام بەجێی ئەمەی کە وەڵامیان بدرێتەوە هێرش دەکەنە سەریان و خەڵکیش وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە، لە ئەنجامدا فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دەکوژرێت و لەتیف عەلیخانی، برای ڕەئوف عەلیخانیش، لەوێدا ژیان لەدەست دەدات.

 

(ڕەئوف و لەتیف عەلی خانی)

 

جەهانگیر عەبدوڵلاهی باس لە سەختتر بوونەوەی تێکهەڵچونەکان دەکات و دەڵێت: پاسگای گوندی گوێزیلە پاش کوشتنی دوو کەس لە خەڵکی ئەم گوندە و بریندارکردنی چەند کەس دووجار هێرش دەکەنە سەر گوندەکە و خەڵکێکی زۆر بریندار دەکەن، پاشان زۆربەی خێزانەکانی گوێزیلە شوێنی ژیانی خۆیان جێ دەهێڵن، لە هێرشی سێهەم دا کە ئیتر کەم کەس لە گوندەکەدا ماوە هێزەکانی سوپای پاسداران گوندەکە داگیر دەکەن و بەساڵاچوانی گوندەکە دەست بەسەر دەکەن و لە ئیتیلاعاتی شاری سەردەشت ئەشکەنجەیان دەکەن"

 

(بەتەمەنێکی گوندی گوێزیلە لەلایەن سوپاوە ئەشکەنجە کراوە)

 

سوپای پاسداران پاش ئەم تێکهەڵچوونانە، ڕایگەیاندوە کە هەرکەس زیاتر لە ٣٠٠ مەتر لە گوندەکە دوور کەوێتەوە تەقەی لێدەکرێت، کەشی سەربازی و ئەمنی بەسەر تەواوی شاری سەردەشت و شارۆچکەی ڕەبەت و گوندەکانی دەوروبەر سەپێنراوە.

 

بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنیوز بەدوای ئەم ڕووداوانە، ڕۆژی هەینی ١ی تەممووزی ٢٠١٦، گەنجانی دوو گوندی گوێزیلێ و بێوران دەگەڕینەوە گوندەکانیان، بەڵام دەبینن خەڵکی گوندەکە هەمووی دەست بەسەرکراون هێرش دەکەنە سەر پاسگای گوێزیلێ و هەموو بارەکانیان لەدەست هێزەکانی سوپا دەردەهێنن و چەند کەسێکیش کە دەست بەسەرکرابون ڕزگار دەکەن، لەو کاتەوە تا ئێستا تێکهەڵچوونی نێوان خەڵک و سوپای پاسداران بەردەوامە.

 

لەڤیدیۆیەکدا کە لە کاناڵی (دەنگی کۆڵبەران) بڵاوبۆتەوە هەندێک لە کۆڵبەران پاش ئەوەی بارەکانیان لە هێزەکانی سوپا دەستێننەوە، لە سەر شەقام دەستیان کردوە بەهەڵپەڕین، چاودێران دەڵێن تەنها ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کۆڵبەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕۆڵێکی سیاسی بزانین، چون کۆڵبەرەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەستەی ڕووتی دەسەڵات بەرەوڕوو دەبنەوە و گیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بەم حاڵەشەوە بەوەرگرتنەوەی بارەکانیان شەقام لە دەست هێزە ئەمنیەکان ڕزگار دەکەن و بە نیشانی سەرکەوتن هەڵدەپەڕن و شەقام دەکەن بەهی خۆیان.

 

س.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin